توێژه‌ری ده‌روونی
سامان سیوه‌یلی
ڕه‌نگه ئه‌م ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه خه‌ڵکانێک ڕاچڵه‌کێنێت و بڵێن جاچۆن مرۆڤ له‌گه‌ڵ خۆیدا قسه ده‌کات، یان بڵێن ته‌نها شێته‌کان قسه له‌گه‌ڵ خۆیاندا یان له‌به‌ر خۆیانه‌وه ده‌که‌ن. یه‌کێک له‌گه‌وره‌ترین گرفته‌کانی مرۆڤه‌کان له‌م سه‌رده‌مه‌دا نائاماده‌یی دیالۆگه له‌گه‌ڵ خودی خۆیاندا. هه‌موومان زۆر قسه ده‌که‌ین بۆ که‌سانی تر یان زۆر گوێ ده‌گرین له‌که‌سانی تر، که‌چی نه‌قسه له‌گه‌ڵ خۆماندا ده‌که‌ین و نه‌گوێش له‌خۆمان ده‌گرین. جه‌نجاڵی ژیان وه‌های کردووه مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه که‌مترین کاتی به‌ته‌نها بێت، کاتێکیش به‌ته‌نها بێت له‌خودی خۆی ڕاده‌کات و یه‌کسه‌ر یان ته‌له‌فزیۆن یان مۆبایل یان ئینته‌رنێت یان هه‌ر شتێکی دیکه ده‌کاته هاوه‌ڵی خۆی. ئه‌مه‌ش کتومت خۆدزینه‌وه‌یه له‌خود. مرۆڤ پێویستی به‌وه هه‌یه ناوبه‌ناو گفتوگۆیه‌کی هێمنانه له‌گه‌ڵ خۆیدا ساز بکات، بزانێ خه‌ریکی چییه له‌م دنیایه‌دا؟ به‌چی خۆی سه‌رقاڵ کردووه؟ باش ده‌کات یان خراپ؟ ئه‌و پرۆژانه‌ی هه‌وڵیان بۆ ده‌دات چین؟ پلانه‌کانی بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌کانی چین؟.واته دیالۆگ له‌گه‌ڵ خودی خۆماندا بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و پێداچوونه‌وه‌ی ڕابردووه و پلان و نه‌خشه‌کێشانیشه بۆ ئێستا و ئایینده. ئه‌وانه‌ی دیالۆگ له‌گه‌ڵ خودی خۆیاندا ناکه‌ن ئه‌وانه‌ن که‌ده‌ترسن له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ خودی خۆیاندا، ڕه‌نگه به‌شێک له‌م که‌سانه له‌خودی خۆیان ڕازی نه‌بن بۆیه ئاماده‌ییان تێدا نییه بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م دیالۆگه، یاخود جۆرێکه له‌ڕاکردن له‌واقعی که‌سه‌کان خۆیان، یان بۆ ئه‌وه‌یه ئازار و که‌موڕییه‌کانیان یان یاده‌وه‌رییه تاڵه‌کانیان قه‌تماغه بگرێت و برینه‌کانی خۆیان نه‌کولێننه‌وه. ئێمه که‌ئاماده بین دیالۆگ له‌گه‌ڵ که‌سانی تردا بکه‌ین بۆچی خۆمان له‌دیالۆگ له‌گه‌ڵ خودی خۆماندا بشارینه‌وه؟.دیالۆگ له‌گه‌ڵ (خود)دا بیرکردنه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر بیرکردنه‌وه دیالۆگێکی بێده‌نگ بێت بائێمه خۆمان ڕابهێنین به‌ده‌نگه‌وه‌و له‌ته‌نهاییدا ئه‌م دیالۆگه بکه‌ین. ئاخر ناکرێت مرۆڤ له‌خودی خۆی داببڕێت و له‌په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدا بێت له‌گه‌ڵ ده‌و‌روبه‌ردا، ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م دێت له‌م ڕه‌وشه‌دا ته‌نها ناهاوسه‌نگییه. ئێمه به‌دوای شوناسی که‌سانی ده‌روروبه‌رمان و شتومه‌ک و ژینگه‌دا ده‌گه‌ڕێین، که‌چی له‌گه‌ڕان به‌دوای شوناسی ڕاسته‌قینه‌ی خۆماندا چاو ده‌نوقێنین، خۆمان ده‌دزینه‌وه. ئه‌ی که‌واته چۆن له‌ده‌وروبه‌رمان بگه‌ین که‌ئێمه له‌خودی خۆمان نه‌گه‌ین.ئه‌و ساتانه‌ی مرۆڤ دیالۆگ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌کات زۆر ده‌ستکه‌وت به‌ده‌ست ده‌هێنێت، که‌گرنگترینیان کار کردنه سه‌ر ژیری ناوه‌کی خۆیه‌تی، ڕه‌نگه که‌سێک له‌هه‌ڵوێستێكی دیاریکراودا به‌ده‌یان که‌س نه‌توانن کاری تێبکه‌ن، به‌ڵام ته‌نها به‌خۆی له‌ڕێگای دیالۆگه‌وه له‌گه‌ڵ خۆیدا ئه‌و ئه‌نجامه به‌ده‌ست دێت که که‌سه‌کانی تر ناتوانن به‌ده‌ستی بهێنن. ئه‌وانه‌ی دیالۆگ له‌گه‌ڵ خۆیاندا ناکه‌ن، سه‌رکه‌وتوو نین له‌دیالۆگ کردن له‌گه‌ڵ که‌سانی تردا، هه‌میشه ئه‌و ڕاکردنه له‌خودی خۆیان بۆیان ده‌بێته دڵه‌ڕاوکێیه‌کی سه‌ربار که‌خۆشیان نازانن له‌کوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. ئه‌وانه‌ی دیالۆگ له‌گه‌ڵ خودی خۆیان ناکه‌ن فێری هونه‌ری تێڕامان نابن، ناشتوانن په‌ی به‌ناخ و ئه‌ندێشه‌کانی که‌سانی تر به‌رن.که‌واته له‌م ڕۆژگاره پڕ شه‌که‌تییه ده‌روونییه‌دا ساتێک ته‌رخان بکه بۆ خۆت، به‌ڵام بێ سه‌رقاڵ بوون به‌هیچی دیکه‌وه، خۆت و ته‌نها خۆت، مۆبایله‌که‌ت له‌م کاتانه‌دا بکوژێنه‌وه، ته‌له‌فزیۆن و کۆمپیوته‌ره‌که‌ت خامۆش بکه، خۆت خاو بکه‌ره‌وه و به‌هێمنی دیالۆگ له‌گه‌ڵ خۆتدا بکه. خۆت و ته‌نها خۆت، ڕامه‌که له‌ته‌نهایی خۆت، خۆت مه‌دزه‌وه له‌خودی خۆت. بیر و کار و جه‌نجاڵییه‌کانت ڕێک بخه، به‌رنامه و بیرۆکه بێ سوود و بێهووده‌کانت فڕێ ده‌ره ده‌ره‌وه‌ی خۆت و کار و باره بایه‌خداره‌کانت ڕێک بخه به‌پێی پله‌ی گرنگییان، پرسیار له‌خۆت بکه و به‌دوای وه‌ڵامی لۆژیکیانه‌دا بگه‌ڕێ، هه‌ڵچوونه‌کانت به‌تاڵ بکه‌وه، مه‌یه‌ڵه دیدگات لێڵ بکه‌ن له‌چاره‌سه‌ری گرفته‌کانتدا. هه‌ست بکه له‌ناو خۆتدا و له‌ده‌روون و بیری خۆتدا مه‌له ده‌که‌یت، له‌و ساتانه‌دا خۆت داببڕه له‌و دنیا پڕ چه‌رمه‌سه‌ری و ململانێ و ڕاکه‌ڕاکه‌دا. خۆت و ته‌نها خۆت، له‌خۆت بپرسه‌ره‌وه من چی ده‌که‌م؟ ئامانجم چییه؟ ئه‌و ڕێگایانه‌ی گرتوومه‌ته به‌ر تاچه‌ند دروستن؟. هه‌رچه‌نده ڕابکه‌یت له‌خودی خۆت هێنده ده‌روونی خۆت بارگران ده‌که‌یت.که‌واته با ئه‌م هونه‌ره بکه‌ینه نه‌ریتێکی ئاسایی له‌خۆماندا، ئه‌گه‌ر کاتمان نییه ڕۆژانه ئه‌نجامی بده‌ین ده‌با هه‌فته‌ی جارێک، دوو هه‌فته جارێک، مانگی جارێک، ئه‌نجامی بده‌ین. باخۆمان فێری هونه‌ری گوێ گرتن له‌خۆمان بکه‌ین.بائه‌وه‌ش له‌یاد نه‌که‌ین که دیالۆگ له‌گه‌ڵ خۆماندا یه‌کێکه له‌باشترین ئه‌و ڕێگه‌یانه‌ی له‌فشاره ده‌روونییه‌کان ڕزگارمان ده‌کات، هه‌روه‌ها ساناترین ڕێگه‌شه بۆ گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفتانه‌ی له‌ده‌ستیان ده‌ناڵێنین.
مالبةرى دةروونناسى